رێککه‌وتی 2/12/2012، له‌میانه‌ی پێشوازیلێکردنی له‌لایه‌ن به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر له‌سه‌نته‌ری رۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ر به‌ژوور، به‌ڕێز بێرنارد کازۆ سه‌رۆکی ئیداره‌ی ناوچه‌ی (دۆردۆنگ)ی فه‌ڕه‌نسا رایگه‌یاند:"حکومه‌تی فه‌ڕه‌نسا پشتگیری سیاسی له‌و کۆمپانیایانه‌ی ده‌که‌ین که بۆ مه‌به‌ستی کارکردن بێنه کوردستان."
له‌سه‌ره‌تای دیداره‌که‌دا، که تیایدا به‌ڕێزان ئالان گیرات کونسوڵی گشتی فه‌ڕه‌نسا له‌هه‌ولێر و خه‌مان زرار نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌پاریس و سۆران ئه‌بوبه‌کر جێگری سه‌رۆکی ژوور و ژماره‌یه‌ک له‌ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژوور ئاماده‌یبوون، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژوور به‌گه‌رمی به‌خێرهێنانی شاندی میوانی کرد و هیوای مانه‌وه‌یه‌کی باشی بۆ خواستن له‌هه‌ولێری پایته‌ختدا، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی له‌مێژینه‌ی نێوان هه‌ردوو گه‌لی کوردستان و فه‌ڕه‌نسا به‌گشتی و په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ژووری بازرگانی و ده‌زگه ئابوورییه‌کانی فه‌ڕه‌نسا کرد به‌تایبه‌تی.
پاشان به‌ڕێز خه‌یات رۆڵی کونسوڵخانه‌ی فه‌ڕه‌نسای له‌هه‌ولێر به‌رز نرخاند و رایگه‌یاندا که هه‌لی کار له‌کوردستاندا بۆ کۆمپانیا فه‌ڕه‌نسییه‌کان فه‌راهه‌مه و ره‌وشی ئاسایش له‌باره و یاساکان ئاسانکارییان بۆ خه‌ڵكی بیانی کردووه و هه‌ولێریش بۆته پایته‌ختی گه‌شتیاری بۆ ساڵی2014، بۆیه چیتر نابێت ئه‌و کۆمپانیایانه دوابکه‌ون له‌هاتنیان بۆ ئه‌م هه‌رێمه، چونکه گه‌لی کوردستان سۆزی تایبه‌تییان به‌رامبه‌ر گه‌ل و حکومه‌تی فه‌ڕه‌نسا هه‌یه.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه باسی له‌و سه‌ردانانه‌ی کرد که پێشتر بۆ وڵاتی فه‌ڕه‌نسا له‌چواچێوه‌ی نێرده و شاندی ئابووری ئه‌نجامیان داوه، هاوکات داوای کرد که له‌داهاتوویه‌کی نزیکدا شاندێكی بازرگانی ناوچه‌ی دۆردۆنگ بێنه کوردستان، تاکو کوردستان له‌نزیکه‌وه ببینن و قۆناغێکی تازه‌ی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌کانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا ده‌ست پێبکه‌ن.
لای خۆیه‌وه، به‌ڕێز بێرنارد کازۆ سه‌رۆکی ئیداره‌ی ناوچه‌ی (دۆردۆنگ)ی فه‌ڕه‌نسا که‌له‌هه‌مان کاتدا سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تی عێراقی – فه‌ڕه‌نسییه له‌ئه‌نجومه‌نی پیرانی فه‌ره‌نسا، وێڕای ده‌ربڕینی سوپاسگوزاری خۆی له‌به‌رامبه‌ر پێشوازی لێکردنیاندا، وتی:"من وه‌کو دۆستێكی کورد سه‌ردانی هه‌ولێرم کردووه."
رایگه‌یاند و وتی:"ئێمه بڕیارمان داوه که پاڵپشتی سیاسی له‌کۆمپانیا فه‌ڕه‌نسییه‌کان بکه‌ین تاکو بتوانن بێنه هه‌رێمی کوردستان، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند که‌سێکی شاره‌زامان له‌بواره جیاجیاکاندا هێناوه، تاکو پێدوایستییه‌کانی ئێوه بزانین و له‌داهاتوودا سوود و شاره‌زایی فهڕهنسییهکانتان پێ بگه‌یه‌نین."
له‌لایه‌کی دیکه‌وه، به‌ڕێز باقی محه‌مه‌د هادی ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژوور له وته‌یه‌کیدا به‌گرنگی زانی که بهنکێكی فه‌ڕه‌نسی له‌هه‌ولێر و هێڵی ئاسمانی راسته‌وخۆی نێوان کوردستان و پاریس بکرێته‌وه.
له‌میانه‌ی دانیشتنه‌که‌دا، به‌ڕێز ئالان گیرات رایگه‌یاند که بڕیاریان داوه یانه‌ی خاوه‌نکارانی فه‌ڕه‌نسا له‌هه‌ولێر بکه‌نه‌وه.
هه‌روه‌ها له‌میانه‌ی گفتوگۆکاندا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر درێژه‌دان و فراوانکردنی پڕۆسه‌ی سوودوه‌رگرتن له‌توانا فه‌ڕه‌نسییه‌کان له نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌کانی کوردستاندا کرده‌وه.
له‌درێژه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌دا، ئه‌ندامانی شاندی فه‌ڕه‌نسی خۆیان و پێگه‌ی کارکردنیان ناساند، که له‌بواری شوێنه‌وارناسی و بازرگانی و ئاووئاوهڕۆکان، کێڵگه‌ی په‌له‌وه‌ری و ره‌شه‌وڵاخ و چه‌ند بوارێكی دیکه‌دا شاره‌زابوون.
به‌ر له‌کۆتایی دیداره‌که‌ش، به‌ڕێز خه‌یات ئاماده‌یی ژووری به‌مه‌به‌ستی پشتگیری‌کردن لهههرپڕۆژهیهکی گرنگی ئابووری فه‌ڕه‌نسا له‌کوردستان خسته روو، دواتریش خه‌ڵاتی رێزلێنان له‌نێوان هه‌ردوولادا گۆڕدرایه‌وه.