تۆ لێرەیت: ErbilChamberهه‌واڵ كۆنفڕانسی پێشخستنی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان سازكرا

كۆنفڕانسی پێشخستنی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان سازكرا

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ دوو شەممە, 21 کانونی دووەم 2019 08:34
 بە پشتگیری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆنفڕانسی دۆزینەوەی رێگاكانی هاوكاری بۆ پێشخستنی پەیوەندی دوولایەنەی ئابووری و بازرگانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو.
رۆژی 15/1/2019 لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، محەممەد رەزا ترباسی جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێرانی – عێراقی، جێگر و ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور، كاربەدەستانی حكومی و بازرگانان و سەرمایەداران ئەم كۆنفڕانسە سازكرا.
سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر وتەی بەخێرهاتنی پێشكەش كرد باسی لە گرنگی پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران كرد ئەمەش دەقی وتەكەیەتی:
 رێزدار جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان 
بەڕێز محمد جواد زەریف وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران 
بەخێرهاتنێكی گەرمتان دەكەم
ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر خۆشحال و سەربەرزە بە سەردانتان ، 
ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر هەردەم لە ژێر رۆشنایی رێنماییەكانی جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كاری كردووە لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندیە ئابووریەكان لە گەل وڵاتان و بە تایبەتیش لە گەل كۆماری ئیسلامی ئێرانی دراوسێ، ئەوە بوو پار ساڵ لە مانگی پێنج  بە سەرپەرشتی بەڕێزیان كۆنفرانسێكی فراوانی هاوبەشمان ساز كرد بە ئامادە بوونی گەورە بەرپرسانی حكومی و كەرتی تایبەت لە كۆماری ئیسلامی ئێران و كۆماری عێراقی فیدراڵ وهەرێمی كوردستان لە پێناو پەرەپێدانی بەرژەوەندیە ئابووریەكان كە هەردوو لا لێی سوودمەند بن .
بەڕێز جەنابی وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران:
ئێمە لەم بوارە بەردەوام دەبین لە كاركردن بە فەرمایشتەكانی جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و پێمانخۆشە لایەنی كۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر كاربكات لە پێناو پەرەپێدانی بەرژەوەندیە ئابووریە هاوبەشەكان وەك دامەزراندنی كارگەی بەرهەم هێنان و چاڵاكیەكانی وەبەرهێنان لە هەرێم كە سوودمەند بێت بۆ هەردوو لا بە ئامانجی گواستنەوەی پەیوەندیە ئابووریەكان بۆ ئاستی ستراتیجی.
دوو بارە سوپاسی ئامادە بوونتان دەكەم
پاشان محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەم كۆنفڕانسە هاوبەشە وتەیەكی پێشكەش كرد، وتی هەرێمی كوردستان دراوسێ یەكی گرنگە بۆ ئێمە، وە ئێمە لەگەڵ كوردانی هەر چوار پارچە هاوبەشین.
وتیشی دروستكردنی شارێكی پیشەسازی هاوبەش لە نێوان تاران و هەولێر گرنگە، پێویستە هەرێمی كوردستانیش سوود لە بازرگانی ئۆراسیا وەربگرێـت بۆ پەرەپێدانی ئابوورییەكەی خۆی.
دواتر سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا كۆماری ئیسلامی ئێرانی بە هاوبەشێكی گرنگ وەسف كرد بۆ هەرێمی كوردستان، وتی هەمیشە لە رۆژە سەختەكاندا هاوكار و پاڵپشتی ئێمە بوونە.
سەرۆكی حكومەت لە وتەكەیدا باسی لە دۆخی ئابووری هەرێم كرد وتی چارەسەر دەبێت و شایستە داراییەكانی بازرگانان و كۆمپانیاكان دەدرێت.
ئەوەشی خستە روو كە لە هەوڵ دان بۆ چارەسەركدرنی كێشە ئابوورییەكان لەگەڵ بەغدا و بۆ ئەم مەبەستەش لە ئێستادا وەزیری پلان دانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدایە بۆ چارەسەركردنی خاڵە گومرگیەكان و كێشەكانی سەر سنوور.
هەر لەم كۆنفڕانەسەدا نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران بە مێژوویی وەسف كرد وتیشی مەرزە نێودەوڵەتیەكانی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی گرنگیان هەیە لە پێشخستنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان عێراق بە گشتی و كۆماری ئیسلامی ئێران.
وتیشی حكومەت هەمیشە هاوكار و پاڵپشتی بازرگانان و بەڵێندەران دەبێت هیواشی خواست كۆمپانیا ئێرانییەكان وەبەرهێنانی زیاتر بكەن لە هەرێم.
محەممەد رەزا ترباسی جێگری سەرۆكی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێرانی عێراقی باسی لە هاتنی ئەم شاندە كرد رایگەیاند ئەوان پێكهاتوون لە 70 كۆمپانیا و سەرمایەداری ئێرانی كە چالاكن لە وەبەرهێنان، تێڕوانینی ئێمە وایە كە هەردوولا ئیرادەیان هەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانیەكان، حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران بە بایەخەوە دەڕوانێتە وڵاتی عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی ئێمە تەواوكەری یەكترین.
وتیشی هەندێك كێشە دەبێتە هۆی بارگرانی لەبەردەم بازرگانان گرینگرترینیان دڵنیایی، سیستەمی بانكی، كوالێتی كۆنتڕۆڵ و خاڵە گومرگییەكان هیوادارین ئەم كێشانە بە هەوڵی هەردوولا چارەسەر بكرێن.
هەر لەم كۆنفڕانسەدا ئامادەبووان تێبینی و راو سەرنجەكانیان خستە روو.
دوای كۆنفڕانسەكە سەرۆكی ژوور لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن وتی لە ئێستادا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران 6-7 ملیار دۆلارە.
وتیشی بەشداری كردنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران گرنگی ئەم دیدارە دەردەخات هەروەك چۆن لە ناوەڕاستی ساڵی 2018 كۆنفڕانسێك بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانیەكانی نێوان هەردوولا بە ئامادەبوونی وەزیرانی هەرێم و عێراق و ئێران بەسترا.
د. دارا وتیشی كاركردن و كۆبوونەوەی شاندە بازرگانیەكان بەردەوامن بۆ زیاتر كردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانیەكان.
هەروەها ئەم دیدارە دەرفەتێكی باش بوو بۆ خستنەرووی كێشەكان و چارەسەركردنیان، ئەوەشی خستە روو كە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر هەمیشە هەوڵی پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانیەكان دەدات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ناوچەكە و جیهان.
 
ئه‌م بابه‌ته‌ 871 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌

بڵاوکراوه‌کان

ڕۆژنامه‌ی بازرگانی سه‌رده‌م

ڕێبه‌ری ژوور

هه‌واڵی چاوه‌ڕوانكراو

سعر الصرف

به‌های گۆرینه‌وه‌ی دیناری عیراقی به‌ دولاری ئه‌مری...

«
»
« February 2013 »
Mon Tue Wed Thu Fri Sat Sun
        1 2 3
4 5 6 7 8 9 10
11 12 13 14 15 16 17
18 19 20 21 22 23 24
25 26 27 28      

نرخی دراو

نرخی دراو

کەشوهەوای هه‌ولێر

ئاگاداری

Copyright © 2012 Erbil Chamber. All Rights Reserved. سه‌ره‌وه‌ ↑