له‌ژێر هێمای (mipim) له 12- 15 /3/2013، له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا پێشانگای کانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وه‌به‌رهێنان به‌به‌شداری 1100 کۆمپانیا له 79 وڵاتی جیهان به‌ڕێوه‌چوو.
به‌بانگهێشتی فه‌رمی بۆ یه‌که‌مین جار نه‌ورۆز مه‌ولود به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر به‌نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌شداری له پێشانگاکه‌دا کرد.
سه‌باره‌ت به وورده‌کاری به‌شداری کردنیان نه‌ورۆز مه‌ولود به رۆژنامهکهمانی راگه‌یاند: له‌پێشانگاکه‌دا ستاندێکی تایبه‌ت بۆ هه‌رێمی کوردستان ته‌رخان کرابوو، له‌ماوه‌ی چوار رۆژی پێشانگاکه‌دا له‌ژێر دروشم و ئاڵای کوردستان پێشوازی لهسهردانیکارانی پێشانگاکه کرا، چاپکراوه‌ی یاسای وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی کوردستانیان پێدرا و وه‌ڵامی پرسیاره‌کانیان درایه‌وه، له‌هه‌مان کاتیش‌دا ده‌رفه‌تی کار و پڕۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێمی کوردستان بۆ کۆمپانیا به‌شدار بووه‌کان روون کرایه‌وه به‌مه‌به‌ستی ئاشناکردنی وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی به‌هه‌رێمی کوردستان و راکێشانی سه‌رنجیان بۆ سه‌رمایه‌گوزاری کردن.
هه‌روه‌ها وتی: کۆمپانیای دارین تاکه کۆمپانیا بوو که وه‌ک کۆمپانیایه‌کی هه‌رێمی کوردستان به ستاندی تایبه‌ت به خۆی به‌شداری له‌پێشانگاکه‌دا کردبوو، ئه‌وه‌ش مایه‌ی خۆشحاڵیه ، وه پێویسته کۆمپانیاکانی کوردستان له‌مه‌ودوا به‌چڕی به‌شداری له‌و پێسانگا نێوده‌وڵه‌تییانه‌دا بکه‌ن، چونکه هه‌رێمی کوردستان ئێستا کۆمپانیای زۆر و به تواناى هه‌یه، وه کاتی ئه‌وه هاتووه ئه‌وانیش به‌شداری له‌و جۆره پێشانگایانه‌دا بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه مایه‌ی سه‌رنج راکێشانی خه‌ڵکی ده‌ره‌وه و ئاشناکردنی کوردستان و پڕۆسه‌ی ئاوهدنکردنهوهی هه‌رێم به جیهانی ده‌ره‌وه‌و دروستکردنی په‌یوه‌ندی زیاتر له‌گه‌ڵياندا ، له‌کاتێکدا که ئێمه پێویستی زۆرمان به‌توانای کۆمپانیا بیانییه‌کان هه‌یه به‌تایبه‌ت وڵاتانی ئه‌وروپا که له بواري ته‌کنه‌لۆجیا و زانیاری‌دا به‌هێزن، ده‌کرێت به‌و جۆره به‌شداری کردنانه په‌یوه‌ندی باش و فراوان له‌نێوان کۆمپانیاکانی کوردستان و ئه‌و وڵاتانه دروست بێت، له‌لایه‌کی تریش ئه‌وه‌ی زیاترسهرنج راکێش بوو له پێشانگاکه‌دا ئه‌وه بوو که ژماره‌یه‌کی زۆر له نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌ته‌کانی وڵاتان، هه‌ریه‌ک به‌جیا ستاندی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو، به‌هه‌مان شێوه‌ی ئێمه وه‌ک نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پیشوازیان له خه‌ڵک ده‌کرد و وڵاته‌که‌ی خۆیان و ده‌رفه‌تی کار و تواناکانی خۆیان ده‌خسته روو، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێکى باش بۆ دروستکردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حکومهتهکانيشدا ده‌خولقێنێ ، بۆیه به‌شداری کردنی کۆمپانیاکانی هه‌رێمی کوردستان له‌و جۆره پێشانگا نێوده‌وڵه‌تیانه زۆر گرنگه وله‌گه‌ڵ پڕۆسه‌ی کرانه‌وه‌مان به رووی جیهانى ده‌ره‌وه‌دا یه‌کتر ده‌گرێته‌وه ، سوودیش به ئابووری ده‌گه‌یه‌نێت.