ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

لە سەرەتای مانگی داهاتوو كۆنفڕانسی بەریتانی عێراقی لە هەولێر ساز دەكرێت

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ پێنج شەممە, 05 شوبات 2015 08:30
بە چاودێری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەسەرپەرشتی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عێراق و ئەنجومەنی كاری بەریتانی – عێراقی (IBBC) بریار وایە لە رۆژانی 1-2/3/2015 كۆنفڕانسێك لە شاری هەولێر لە ژێر ناونیشانی (كۆنغرانسی كاری هەولێر) دەربارەی (دەرفەتی كار و پەیوەندیەكانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستان و عێراق) سازبكرێت .
لەم كۆنفڕانسەدا ژمارەیەكی بەرچاو لە كۆمپانیا بەریتانیەكان و بەرپرسانی فەرمی و بازرگانان و خاوەن كۆمپانیا و وەبەرهێنەران بازرگانان و وەبەرهێنەرانی خۆماڵی شارەكانی كوردستان و عێراق بە گشتی بەشداردەبن. بە مەبەستی تاوتوێ كردنی هەلی كار و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و و دۆزینەوەی هەلی كار و كاركردنی هاوبەش لەگەڵ لە نێوانیاندا .
لە ئێستاوە ژوورەكانی بازرگانی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ رێكخستن و بەرێوەبردنی ئەو كۆنفرانسە بۆ بەشداری پێكردنی زیاتری بازرگان وەبەرهێنەران بۆ ئەوەی لەرێگەی ئەو كۆنفرانسەوە هەلی زیاتر بۆ كۆمپانیا ناوخۆیی و بەریتانیەكان برەخسێنێت لە پێناو سوود وەرگرتن لە زانیاری تاقی كردنەوەكانی هەردوو لا بۆ بەشداری كردنی باشتر لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و سوود وەرگرتنی زیاتر لە سەرچاوەی سروشتی و توانا شاروەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق .
ئەنجومەنی كاری بەریتانی – عێراقی (IBBC) تۆڕێكی بازرگانی بەهێزە لە لایەن حكومەتی عێراقی و بەریتانی و یەكێتی ئەوروپاوە پاڵپشتی دەكرێت، لە هەریەكە لە شارەكانی لەندەن و بەسرە و هەولێر نوسینگەیان هەیە، ساڵانە چەندین كۆنفڕانس و دیداری ئابووری رێكدەخات لە نێوان بازرگانانی هەرێم و عێراق و بەریتانیا، تا ئێستا دەورێكی باڵای هەبووە لە هێنانی ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا بەریتانیەكان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان.
 
ئه‌م بابه‌ته‌ 1191 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ دواین نوێكردنه‌وه‌ پێنج شەممە, 05 شوبات 2015 08:56