تۆ لێرەیت: ErbilChamberهه‌واڵژوور میوانداری شاندێکی بازرگانی به‌ریتانی کرد

ژوور میوانداری شاندێکی بازرگانی به‌ریتانی کرد

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ سێ شەممە, 30 نیسان 2013 10:59

ئێواره‌ی29/4/2013، ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر له‌سه‌نته‌ری رۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی ژوور، میوانداری شاندێکی بازرگانی به‌ریتانی کرد، که‌ به‌سه‌رپه‌رشتی (کومه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تی به‌ریتانی - رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست) سه‌ردانی کوردستانیان کردووه‌.

 

میوانداریه‌که‌ش به‌ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر و به‌یان سامی عه‌بدولره‌حمان نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌له‌نده‌ن و سۆران ئه‌بوبه‌کر عه‌زیز جێگری سه‌رۆکی ژوور و ژماره‌یه‌ک له‌ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژوور به‌ڕێوه‌چوو.  

 

له‌سه‌ره‌تادا، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات له‌وته‌یه‌کدا، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان، هیوای مانه‌وه‌یه‌کی باشی بۆ شاندی میوان خواست له‌کوردستاندا و، پاشان تیشکی خسته‌ سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌ریتانیا که‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا گه‌شه‌سه‌ندنی زۆر باشی به‌خۆوه‌ بینیوه‌. 

هه‌روه‌ها به‌ڕێزیان باسی له‌و کۆسپانه‌ کرد که‌ دێنه‌ به‌رده‌م کاری پێدانی ڤیزا به‌ بازرگانانی کوردستان و به‌گرنگی زانی که‌ هه‌ردوو باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا له‌عێراق و ئوردون ئاگاداری ئه‌و ره‌وشه‌ بن، چونکه‌ یارمه‌تیدانی بازرگانان له‌و رووه‌وه‌ چالاکییه‌ بازرگانییه‌کان چڕتر ده‌کاته‌وه‌.

به‌ڕێز خه‌یات ئاماده‌یی ژووریشی به‌مه‌به‌ستی هاریکاریکردنی هه‌ر شاندێکی بازرگانی به‌ریتانی ده‌ربڕی که‌ له‌ماوه‌ی داهاتوودا سه‌ردانی کوردستان بکات.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌، به‌ڕێز دێڤد لۆید راوێژکاری (کومه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تی به‌ریتانی - رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست) که‌سه‌رۆکایه‌تی شاندی میوانی ده‌کرد، وێڕای هه‌ڵسه‌نگاندنی رۆڵی ژوور به‌ئه‌رێنی له‌بواری توندوتۆڵکردنی په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌کانی نێوان هه‌ردوولادا، نیگه‌ر‌انی خۆی له‌مه‌ڕ کۆسپه‌کانی به‌رده‌م پێدانی ڤیزای وڵاته‌که‌ی به‌بازرگانانی هه‌رێم ده‌ربڕی.

 

 

 

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌، خاتوو به‌یان سامی عه‌بدولره‌حمان نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له‌به‌ریتانیا له‌وته‌یه‌کیدا رۆڵی ژووری بازرگانی به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها بێئاگایی خۆیشی له‌بابه‌تی کۆسپه‌کانی به‌رده‌م پێدانی ڤیزا ده‌ربڕی و، راشیگه‌یاند که‌له‌مه‌ودوا ئه‌وان وه‌ک نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌به‌ریتانیا به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌که‌ن.

 

دواتر، هه‌ر یه‌که‌ له‌به‌ڕێزان سۆران ئه‌بوبه‌کر عه‌زیز جێگری سه‌رۆکی ژوور بازرگانی و فیدائه‌دین محه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژوور، به‌جیا ره‌وشی هه‌رێمی کوردستانیان به‌گشتی و به‌تایبه‌تی بواری ئابووری بۆ میوانان روونکرده‌وه‌ و، هاوکات تیشکیان خسته‌ سه‌ر ‌یاسای وه‌به‌رهێنان کرد که‌ له‌سه‌رده‌می کابینه‌ی پێنجه‌می حکومه‌ت ده‌رکراوه و ئاسانکاری‌ بۆ کۆمپانیا بیانییه‌کانی تێدایه.

هه‌روه‌ها رێنمایی و زانیارییان له‌باره‌ی چۆنێتی کردنه‌وه‌ی لق یان دامه‌زراندنی کۆمپانیا و ده‌ستبه‌کاربوون به‌پڕۆژه‌ جۆراجۆره‌کان  له‌کوردستان پێشکه‌ش به‌ئه‌ندامانی شاندی ناوبراو کرد.  

 

دواتر، ئه‌ندامانی شاندی میوان که‌ نزیکه‌ی 15 که‌س پێکهاتبوون، خۆیان و کۆمپانیاکانی خۆیانیان به‌ژووری بازرگانی ناساناد.

ئه‌م بابه‌ته‌ 968 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ دواین نوێكردنه‌وه‌ سێ شەممە, 30 نیسان 2013 11:16

بڵاوکراوه‌کان

ڕۆژنامه‌ی بازرگانی سه‌رده‌م

ڕێبه‌ری ژوور

هه‌واڵی چاوه‌ڕوانكراو

سعر الصرف

به‌های گۆرینه‌وه‌ی دیناری عیراقی به‌ دولاری ئه‌مری...

«
»
« May 2017 »
Mon Tue Wed Thu Fri Sat Sun
1 2 3 4 5 6 7
8 9 10 11 12 13 14
15 16 17 18 19 20 21
22 23 24 25 26 27 28
29 30 31        

نرخی دراو

نرخی دراو

کەشوهەوای هه‌ولێر

ئاگاداری

Copyright © 2012 Erbil Chamber. All Rights Reserved. سه‌ره‌وه‌ ↑