شاندێكی كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر بە سەرۆكایەتی مورتەزا عەبادی سەركونسوڵی گشتی كونسوڵخانەی ئێران كرد، رۆژی29/1/2018 سەردانی ژووری کردو لەلایەن سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوورەوە پێشوازییان لێ کرا.
سەرکونسوڵی ئێران ئامانجی سەردانەكەی خستەڕوو، كە بۆ پتەوكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانە و ئاشکرای کرد کە ئامانجیان زیاتركردنی خاڵە سنوورییە نێودەوڵەتییەکانی نێوان هەردوولایە.
موڕتەزا عەبادی ئاماژەی بەوەدا، لە خاڵە سنوورییەکان كێشە بۆ بازرگانان و خاوەنكاران دروست دەبێت، وەک راگرتن و هێشتنەوەی بارهەڵگرەكان بۆ ماوەیەكی زۆر، هەروەها جیاوازی نرخەكان لەنێوان بازاڕی سنوورەكان، هەروەها بچووکی شوێنی وەستانی بارهەڵگرەکان. وتیشی: جیاوازی لە خزمەتگوزاری لە خاڵە سنوورەکاندا وایكردووە هەندێ خاڵی سنووری قەرەباڵغ بن و هەندێکی دیکە چۆڵ بن. هیواشی خواست كاتژمێری كار لە بازاڕی سنوورەكان بە هاوبەشی رێكبخرێت و، بۆ چارەسەری ئەم كێشانەش بە پێویستی زانی لێژنەیەكی هاوبەش پێکبهێنرێت.
سەركونسوڵی ئێران راشیگەیاند: ئێمە خوازیاری پەیوەندی زیاترین لە ئاڵوگۆڕی شمەك و كاڵاكان لەنێوان هەردوولاو، هانی وەبەرهێنەرانمان دەدەین بێن لێرە وەبەرهێنان بكەن و سەرمایە گوزاری هاوبەش ئەنجام بدەن. هیواشی خواست بازرگانانی هەرێمی كوردستانیش سەردانی ئێران بكەن و وەبەرهێنان بکەن و، ئامادەیی كونسوڵخانەكەی بۆ هەر هاوكارییەك دەربڕی.
لە لای خۆیەوە دکتۆر دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور پشتڕاستی کردەوە کە لە خاڵە سنوورییەکاندا هەندێ كێشە هەن، هیوای خواست بە هەوڵی هەردوولا لە كەمترین ماوەدا چارەسەریان بكەن. وتیشی: ئامانجمان بوونی پەیوەندی پتەوی بازرگانییە لەگەڵ وڵاتان بەگشتی و وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی، لەگەڵ ئێران لە گشت سێكتەرەكان پەیوەندی پتەومان هەیە، هەروەها پەیوەندی نێوان ژوورەكانی هەردوولاش لە ئاستێكی زۆر باشدایە و، لە ماوەی داهاتوودا ئاڵوگۆڕی شاندە بازرگانییەكان دەست پێدەكەنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو: بوونی حەوت خاڵی سنووری لەنێوان هەردوولا ئاماژەیە بۆ پەیوەندی پتەوی بازرگانی و، دۆخێکی نەخوازراوی کاتیی کەمێک لە جووڵەی بازرگانی نێوان هەردوولای کەم کردۆتەوە، بەڵام گەشبینین کێرڤەکە بەرز بێتەوە. سەرۆکی ژوور هیواشی خواست وەبەرهێنەرانی ئێران لە هەرێمی کوردستان سەرمایەكانیان بەگەڕبخەن و لە ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی کوردستاندا هاوكاربن.
بەمەبەستی بەشداریکردن لە پێشانگایەکی نێودەوڵەتی كشتوكاڵی رۆژی ٢٤/١/٢٠١٨ شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر سەردانی بۆدابیستی پاتەختی هەنگاریای کرد، دوای بەشداریکردن لە پیشانگاکە، شاندەکە سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەو وڵاتەی کردو، لەلایەن جێگری سەرۆكی ژووری هەنگاری پێشوازییان لێكرا.
لە دیدارەكەدا ملا مەجید سورچی جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، باسی لە چۆنیتی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولای كردو، ئامادەیی بۆ هاوكاریكردنی هاتنی كۆمپانیاكانی هەنگاریا بۆ كوردستان دەربڕی. لەبەرامبەردا فرانسی میكلۆشی جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەنگاریا رایگەیاند، وڵاتەکەی خۆشحاڵ دەبێت بە بەردەوامبوونی ئەم سەردانانە و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
دواتر شاندەکە سەردانی پارێزگاری بۆدابیستی كرد، وێرای تاوتوێکردنی ئەو سێکتەرانەی کە کوردستان پێویستی پێیەتی وەبەرهێنانی تێدا بکرێت، گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەی گۆڕینی ئاوی قورس و دووبارە بەكارهێنانەوەی و، گۆڕینی پاشماوەی شارەكان وەكو سەرچاوەی وزەش بە تێروتەسەلی کرا.
شاندەکە پێكهاتبوون لە بەڕێزان ئیبراهیم سۆفی و ملا مەجید سورچی جێگرانی سەرۆكی ژوورو، تاهیر مەولود ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوورو، ئازاد شێروانی بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی ژوور.
1$=1488
بههای گۆرینهوهی دیناری عیراقی به دولاری ئهمری...